چل هه‌زار ساڵه‌ له‌ سلێمانی ژیان به‌رده‌وامه‌

چل هه‌زار ساڵه‌ له‌ سلێمانی ژیان به‌رده‌وامه‌
د.دڵشاد عه‌زیز زاموا

 لای هه‌موان ئاشكرایه‌ ئەمڕۆ یادی ٢٣٢ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییە کە لە رۆژی ١٤ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن بابانییەکانەوە بنایتنراوە. به‌ڵام گرنگه‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ی ژیان و شارستانییه‌ت له‌م شاره‌ و ده‌روبه‌ری سه‌ریان هه‌ڵداوه‌؟ لێره‌دا وه‌ك شوێنه‌وارناسێكی ئه‌م شاره‌ جگه‌ له‌خستنه‌ڕوی پوخته‌یه‌ك له‌ مێژوی ناوچه‌ی سلێمانی، به‌ ده‌رفه‌تێكیشی ده‌زانم باس له‌و مه‌ترسییانه‌ بكه‌م كه‌ روبه‌روی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری ئه‌م شاره‌ ده‌بنه‌وه‌.
سه‌ره‌تای ژیان: پشكنینه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردو له‌ "ئه‌شكه‌وتی هه‌زارمێرد" به‌ڵگه‌ی شوێنه‌واری گرنگیان ده‌رخست ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای ژیان له‌ ئه‌شكه‌وتی هه‌زارمێرد و پێده‌شته‌كه‌ی به‌رده‌م ئه‌م ئه‌شكه‌وته‌، ئه‌و ئامرازه‌ به‌ردینانه‌ی له‌ چینه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی ژێره‌وه‌ی ئه‌م ئه‌شكه‌وته‌ دۆزرانه‌وه‌ ته‌مه‌نی به‌كارهێنانیان له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ بۆ چل هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا گه‌ڕێندرایه‌وه‌ (كه‌ ئه‌مه‌ش هاوسه‌رده‌مه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نیانده‌رتاڵه‌كانی ئه‌وروپا و مرۆڤی ئەشکەوتی شانەدەر لە چیای برادۆست)، هه‌روه‌ها له‌ چینه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كه‌ش هه‌ندێك به‌ڵگه‌ی دیكه‌ دۆزرانه‌وه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ی به‌رده‌وامی ژیانی له‌ نۆ هه‌زارساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ ئه‌شكه‌وته‌كه‌ و ده‌روبه‌ری نیشان ده‌دا.
ناوجه‌رگه‌ی شار پێش پێنج هه‌زارساڵ له‌مه‌وبه‌ر: وه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌ نێوان سه‌رای سلێمانی و مزگه‌وتی گه‌وره‌ به‌ ناوجه‌رگه‌ی شاری سلێمانی داده‌نرێت، كاتێك كه‌ به‌و شوێنانه‌دا تێده‌په‌ڕیت له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌ت له‌بیرنه‌چێت كه‌ پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ئه‌وێ ئاوه‌دانییه‌كی گه‌وره‌بوه‌، له‌ ساڵی 2005 كاتێك كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ره‌گه‌زنامه‌ به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی گه‌وره‌ فرۆشرا به‌ بازرگانێك، ئه‌ویش تێكیدا و چه‌ندین مه‌تر قوڵی كرد، ئه‌وه‌بو به‌شێكی ئه‌م ئاوه‌دانییه‌ پێنج هه‌زارساڵییه‌ی وێرانكرد و تێكیدا، كاتێكیش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانی ئاگاداركرایه‌وه‌ كار له‌كار ترازابو، ته‌نها به‌شێكی زۆر كه‌م له‌م وێرانكارییه‌ مابوه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م پیشكنینی تێداكرا دوایی "كاسۆ مۆڵ" له‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ بنیاتنرا، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی گرنگی شوێنه‌واری هه‌بون كه‌ ته‌مه‌نی ئه‌م ئاوه‌دانییه‌یان بۆ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕانده‌وه‌، به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌م ئاوه‌دانییه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر بازاڕی ده‌بۆكه‌ و درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ سینه‌ماكان و سه‌رای سلێمانی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ تائێستا ده‌رفه‌ت بۆ‌ شوێنه‌وارناسان نه‌ڕه‌خساوه‌ پشكنین له‌و ناوچانه‌دا بكه‌ن.
 
ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی پشكنینه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانی و تیمه‌ بیانییه‌كان له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر و ده‌روازه‌ی شار چه‌ندین نشینگه‌ و ئاوه‌دانییان ده‌ۆزییه‌وه‌: وه‌ك شوێنه‌واری باوه‌گێڵدی له‌ ده‌روازه‌ی شاری سلێمانی نزیك تاسڵوجه‌ له‌ ساڵی رابردودا گوندێكی كۆن له‌وێ دۆزرایه‌وه‌ مێژوه‌كه‌ی بۆ زیاتر له‌ سێ هه‌زارساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دوباره‌ له‌ سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كاندا وه‌ك گوندێك کوردی تێداژیاوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كانی ده‌وربه‌ری ئه‌شكه‌وتی هه‌زارمێرد و بنگرد به‌ڵگه‌ی شوێنه‌واری سه‌رده‌می شارستانییه‌ی ئوروك (سه‌رده‌می سۆمه‌ری كۆن 3000پ.ز) و سەردەمی ساسانییه‌كان به‌دی ده‌كرێن.
شاری کونارا، شارێکی چوار هەزارساڵە لە بناری چیای بەرانان: لە چەند ساڵی رابردوودا تیمێکی فەڕەنسی و بەرێوەبەرێتی شوێنەواری سلێمانی شوێنەواری شارێکی کۆنیان لە گردی کونارا دۆزییەوە، ئەم گردە لەکەناری روباری تانجەرۆ لە دامێنی چیای بەرانان لە نزیک هەزارمێرد دۆزرایەوە. چەندین نووسینی بزماری و مۆر و کۆشکی تێدا دۆزراوەتەوە، بنکەیەکی کارگێڕی و ئابوری ناوچەی سلێمانی بووە و دانەوێڵەی ناوچەکە لەوێ کۆکراوەتەوە.
دانیشتوانی كۆنی سلێمانی كێ بون؟
كۆنترین گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ نوسینه‌ مێخییه‌كاندا وه‌ك دانیشتوان و فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری باسكرابن لوللوبییه‌كان بون، ئه‌م گه‌له‌ ره‌سه‌نه‌ی كۆنی كوردستان به‌ درێژایی سێ هه‌زارساڵ وه‌ك دانیشتوانی ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌روبه‌ری ناویان له‌ نوسینه‌ مێخییه‌كاندا هاتوه‌ و به‌رده‌وام به‌ره‌نگاری داگیركاری ئه‌كه‌دی و سۆمه‌رییه‌كان بون، پاشان وڵاتیان كه‌وته‌ به‌ر داگیركاری ئاشورییه‌كان و بۆ ماوه‌ی حه‌ود سه‌د ساڵ له‌ جه‌نگ و به‌ره‌نگاریدابون دژی ئیمپراتۆرییه‌تی ئاشوری و ئه‌وكات ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌روبه‌ری پێی ده‌وترا وڵاتی زاموا یان وڵاتی لولوبییه‌كان.

ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ پوخته‌یه‌ك بو ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای ژیان و مێژوی كۆنی ناوچه‌ی سلێمانی، خۆ ئه‌گه‌ر بێت و باس له‌ مێژو و شارستانییه‌تی سنوری پارێزگای سلێمانی بكه‌ین ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی شوێنه‌واری و شارستانی زۆر گرنگ له‌به‌رده‌ستتدایه‌، بۆ نمونه‌ كۆنترین گوند له‌ هه‌مو كوردستان و عێراقدا ساڵی رابردو له‌ ناوچه‌ی بێستان سوری شاره‌ره‌زور له‌لایه‌ن تیمێكی شوێنه‌وارناسی به‌ریتانی دۆزرایه‌وه‌، میژوه‌كه‌ی بۆ زیاتر له‌ یانزه‌هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كه‌له‌پور و شوێنه‌واره‌كانیش له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردندان:
وه‌ك شوێنه‌وارناسێك و هاوڵاتییه‌كی ئه‌م شاره‌ هیوادارم به‌ هه‌مو لایه‌ك خه‌مێك له‌ شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری سلێمانی بخۆین، هه‌ر كاتێك نێو بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی شار ده‌بینم دڵگرانی ئه‌وه‌م كه‌ پرۆژه‌ی بازرگانه‌كان و حكومه‌ت زۆر بێبه‌زه‌ییانه‌ كه‌وتونه‌ته‌ وێرانكردن و تێكدانی خانوه‌ كه‌له‌پورییه‌كانی ئه‌م شاره‌، یادگاری و یاده‌وه‌ری و ناسنامه‌ و زاكیره‌ی ئه‌م شاره‌ له‌ناوده‌برێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و خه‌ڵكی شار خه‌مێكی جددی لێبخۆن. هه‌وڵی پاراستنی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری ئه‌م شاره‌ ته‌نها به‌ شوێنه‌وارناسان ناكرێت. خه‌مخۆر و دڵسۆزی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری كوردستان مامۆستا عه‌بدولڕه‌قیب چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بابه‌تێكی له‌ گۆڤاری هه‌زارمێرد به‌ ناونیشانی "سلێمانی له‌سه‌ر شارێكی كۆن ئاواكراوه‌" بڵاوكرده‌وه‌ و خه‌می ئه‌وه‌ی بو ئاوه‌دانییه‌ كۆنه‌كه‌ی ژێر سلێمانی تێكنه‌درێت، هه‌وڵێكی زۆری بۆ پاراستنی خانوه‌ كه‌له‌پورییه‌كاندا، به‌ڵام سه‌روژێری ئه‌م شاره‌ و شاره‌ كۆنه‌كه‌ش وێرانكران. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ شوێنه‌وارناسانی سلێمانی به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدابون بۆ پاراستنی شوێنه‌واره‌كانی ئه‌م شاره‌، به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ شارێكی وه‌ك سلێمانی ئێستا ده‌بو نه‌ك خانوه‌ كه‌له‌پورییه‌كان به‌ڵكو كۆشك و دیوه‌خانه‌كه‌ی ئیبراهیم پاشا و قه‌یسه‌رییه‌كان (له‌ كۆی چوار قه‌یسه‌ری ته‌نها قه‌یسه‌ری نه‌قیب ماوه‌) و خانه‌كان (له‌ كۆی شه‌ش خان هه‌مویان فه‌وتاون)و حه‌مامه‌كان و قشڵه‌ و ته‌نانه‌ت گۆڕستانه‌ كۆنه‌كان و زۆر شتی سه‌رده‌می بابانی وه‌ك خۆی بمایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می بابانی و پێشتر و دواتریش هه‌موی كه‌وتوه‌ته‌ به‌ر شاڵاوی تێكدان و دروستكردنی مۆڵه‌كان و "عه‌بدوڵا په‌شێو" وته‌نی (ماكه‌ر ستییه‌كان)یش جێگه‌یان ده‌گرنه‌وه‌.

 ٢٣٢ساڵ ته‌مه‌نێكی زۆركه‌مه‌، جێی شەرمە له‌م شاره‌دا هیچ یاده‌وه‌ریی و كه‌له‌پورێكی دامه‌زرێنه‌رانی نه‌پارێزراوه‌، و ئێمه‌ی خه‌ڵكی شاریش هه‌ر بڵێین شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ و شاری رۆشنبیری! بیرمان نه‌چێت شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان ناسنامه‌ی رۆشنبیری و شارستانیان نیشان ده‌ده‌ن، به‌شێكی نیشانه‌ی رۆشنبیری شار پاراستنی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوره‌كه‌یه‌تی كه‌ سلێمانی خه‌ریكه‌ نایمێنێت.
یادی ٢٣٢ ساڵەی دامەزراندنی شارە حەیاتەکە لە هەموو لایەک پیرۆزبێت!
فۆتۆ: وێنەی دەروازەی ئەشکەوتی هەزارمێرد کە وەک پەنجەرەیەک شاری سلیمانی لێوە دیارە ئەم لەلایەن حەمە گێڵەیەرەیی وە گیراوە.

AM:10:38:20/01/2017